کۆڕبەندی ئابووری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت

سلێمانی

دووەم کۆڕبەندی ئابووری سلێمانی بەمەبەستی هەوڵدان بۆ گەشەپێکردنی کەرتی ئابووری و  پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردوام دەبێت، هاوکات لەگەڵیدا پێشەنگایەک بۆ نمایشکردنی پڕۆژەکانی زیاتر لە ٣٥ کۆمپانیا کرایەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی، بەهەماهەنگی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگای سلێـمانی، دووەمین کۆڕبەندی ئابووری سلێمانی دەستی پێکرد، لە کۆڕبەندەکەدا چەندان بەرپرسی باڵا و وەبەرهێنەر و خاوەنکاریی ناوخۆیی، شارەزای بواری ئابووری ئامادە بوون.

کۆڕبەندەکە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت کە هەر ڕۆژێک چەند پانێڵێک ئەنجام دەدرێت، هەروەها پێشانگایەک بۆ نمایشکردنی پڕۆژەکانی وەربەرهێنان و هەلی کار بەڕێوە دەچێت.

ڕامیار ئەرسەلان
ڕامیار ئەرسەلان

ڕامیار ئەرسەلان بەڕێوەبەری پڕۆتۆکۆڵی پێشەنگاکە و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کۆڕبەندەکە دەڵێت: ئامانج لەم کۆڕبەندە ئەوەیە کە وەبەرهێنەران بتوانن پڕۆژەکانیان نمایش بکەن تا بتوانن وەبەرهێنانی زیاتر لەناو شار و وڵاتەکەدا بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجێکی دیکەمان ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکان ئاگاداریی بەرەوپێشچوونەکانی ناو کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان بن.

باسی لەوەشکرد، لە کۆڕبەندەکەدا لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان گفتوگۆ و دانیشتن دەکەن بۆ باشترکردنی بابەتەکان، گرنگە لەم جۆرە کۆڕبەندانەدا لایەنە سیاسییەکان ئامادەبن و لەنزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی وەبەرهێنەرەکان بن، بۆ ئەوەی چەندین سیستەم هەیە لە حکومەتدا باشتر بکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.